بەشی بازرگانی:
هەرێمی کوردستان بازاڕێکی گەشەسەندووە، لە زۆربەی بوارەکاندا پێویستی بە خەڵکانی شارەزا و پسپۆڕ هەیە بۆ گەشەکردنی بەردەوام. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی (٢٠٠٦)ەوە کاری کردووە بۆ چاکسازی لە کەرتی تایبەت تا کەشێکی گونجاو بۆ سەرمایەگوزاران دروست بکات. بەم کارەش، سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەیی بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٣ بە ڕێژەی ١٤٠٠ لە سەدا زیادی کردووە، ئەم ڕێژەیە بەرزترە بە بەراورد بە بەرهەمی نەتەوەیی عێراق
لە هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری ئاسانکاریی بۆ کراوە و وەزارەت و دامودەزگاکانی هەرێم هاوکارن بۆ سەرمایەگوزاریکردن و باشترکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێم لە بواری پرۆژەی پیشەسازیدا بە لێخۆشبوونی باجدان و گومرگدان بۆ هاوردەکردن لە دەرەوە لە سەرەتای بەرهەمهێنانەوە تا ماوەی دە ساڵ. لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٣ سەرمایەگوزاری بە بڕی ٢٣٠ ملیارد کرۆنی سویدی لە هەرێمی کوردستان کراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هانی سەرمایەگوزاری دەدات لە بوارەکانی بیناسازی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزاردا. لە ساڵی ٢٠١٣دا ئاستی گەشتوگوزار بەرزبوونەوەی بەڕێژەی ٧٦٩ لە سەدا زیادی کردووە و ژمارەی گەشتیاران گەیشتە نزیکەی ٣ ملیۆن گەشتیار.
کۆمپانیا سویدییەکان هەلی سەرکەوتنی باشیان لە سەرمایەگوزاریکردن لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. هەر دوو کۆمپانیای سکانیا (Scania) و ئابێبێ (ABB) دەمێك ساڵە لە عێراق بوونیان هەیە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان ٧٠ لە سەدای ئەو بەرهەمانەی لە عێراق بەرهەم دێنن ساغ دەکرێتەوە، كۆمپانیاکانی ئێریکسۆن (Ericsson)، ئەتلەس پۆپکۆ (Atlas Copco) و ڤۆڵڤۆ (Volvo) بوونیان هەیە و لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیییەکانی هەرێمدا کاری هاوبەش دەکەن. ئەمانەش نیشانەی گەشەکردنی بازاڕی هەرێمی کوردستانە کە توانیویەتی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ بازاڕەکەی ڕابکێشێت و ببێتە دەروازەی گەشەی ئابووری بۆ بەشەکانی تری عێراق.
بەشی بازرگانی لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو کۆمپانیا سوییدیانە دەکات کە خوازیارن لە هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری بکەن و هاوکار دەبێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی تا بچنە ناو بازاڕی کوردستانەوە، هەمان کات زانیاریی پێویست و هەڵسەنگاندنی تەواو دەدات لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان.
بۆ زانیاریی زیاتر پەیوەندی بکەن: