123127Image1

ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە ٢٠١٩/٥/٢٨ وەك سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.

ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، کە نەوەی ڕابەری نەتەوەیی کورد و دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆك مستەفا بارزانییە، لە ساڵی ١٩٦٦ لە دێی بارزان لەدایک  بووە.  باوکی بەڕێزیان، ئیدریس بارزانی، سەرکردەیەکی پێشەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، کە ژیانی خەبات کرد لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەکانی میللەتی کورد.

لە ساڵی ١٩٧٥، ڕێزدار بارزانی و خێزانەکەی، لەگەڵ دەیان هەزار کوردی عێراق، ڕۆیشتن بۆ ئێران بۆ ڕزگاربوونیان لە چەوسانەوەی ڕژێمی بەعسی عێراق. بە شوێنپێکەوتنی باوکی و باپیری، ڕێزدار بارزانی چالاکانە بەشدار بوو لە کاروباری سیاسیی کورد و بەخێرایی بە ناو پلەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز بۆوە. لە کۆنگرەی دەیەم لە ساڵی ١٩٨٩ بۆ سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەلبژێردرا و لە کۆنگرەكانی دواتر دووبارە هەڵبژێردرایەوە.

لەساڵی ١٩٩٦، ڕێزدار بارزانی بە جێگری سەرۆکوەزیران دەستنیشان کرا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دوا بە دوای هەلبژاردنی گشتی لە هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزرێندرا. لە ساڵی ١٩٩٩ بە سەرۆکوەزیران دەستنیشان کرا.  لە ئازاری ٢٠٠٦، بۆ ڕابەرایەتیکردنی کابینەی پێنجەم هەلبژێردرا، كە یەکەمین کابینەی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو تا هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨. سەرۆکوەزیران، ڕێزدار بارزانی، هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستانە.

وەک سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی خاوەنی ژمارەیەک دەستپێشخەریی ستراتیژی بووه کە ئامانج لێیان باشترکردنی ئاستی بژێوی و کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابوورییە لە هەرێمی کورستاندا. لە نێوانیاندا، گرتنەدەستی سیاسەتێکی پتەوی سامانە سروشتییەکان، پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و ڕامیاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێکهێنانی ئابوورییەکی پتەوی ناوخۆیی، پەرەپێدانی وەبەرهێنانی دەرەکی، بەرگریکردن لە مافی ئافرەتان، پەرەپێدانی خوێندنی بنەڕەت و باڵا، ئاوەدانکردنەوەی تەواوی ژێرخانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تۆڕی کارەبا، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، نیشتەجێبوون و تۆڕی ڕێگاوبان. رێزدار بارزانی بە ئەندازیاری سەرەکیی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. ڕوانگەى بەرێزیان هەر بەردەوامە لە بوونی بە پاڵنەر بۆ سیاسەتی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری، ئابووریی حکومەت بە ئامانجی بەرەو پێشبردنی ژیانی هاووڵاتیانی لە هەرێم و، هەروەها پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و سیاسەتی نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کورستان.

ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی هاوسەری نەبیلە بارزانییە و سێ کوڕ و دوو کچی هەیە. زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی بەڕێزیان پاراوە و زمانی عەرەبیشی باشە. خولیای شیعر و ئەدەبی کوردی و فارسییە.