• هەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتوانی پێنج ملیۆن و دووسەد هەزار کەسە و لە هەر چوار  پارێزگای هەولێر، سلێمانی ، دهۆک و هەڵەبجە پێک دێت، کە ڕووبەری هەرسێکیان پێکەوە نزیکەی چل هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە – کە گەورەترە لە ڕووبەری هۆڵەندا و چوار جار بە قەد ڕووبەری لوبنانە. ئەم ئامارە تەنیا پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خۆدەگرێت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم  له‌ سنووری پارێزگاكانی نه‌ینەوا، سه‌لاحه‌دین، کەرکووک و دیالا له‌خۆ ناگرێت.
  • جوگرافیای هەرێم هەمەچەشنەیە کە پێک دێت لە دەشتایی گەرم و وشک تا دەگاتە ناوچەی شاخاویی فێنک و کانیاوی سروشتی و بارینی بەفر لە زستان.
  • گەشتیارانی بیانی زۆر بەگەرمی پێشوازییان لێ دەکرێت. میدیای نێودەوڵەتی و بازرگانان لەنێوان ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیارانن کە سەردانی کوردستان دەکەن و هەروەها ئەو کوردانەی لە هەندەران دەگەڕێنەوە.
  • حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی جێبەجێکاری بەگوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات کە داڕێژراون لەلایەن پەرلەمانی کوردستان – کە بەشێوەیەکی دیموکراسی لە لایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردراوە.  هەروەها کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی لە بەهاری ٢٠١٤ دەستبەکار بووە.
  • دەستووری عیراقی فیدڕاڵ دانی ناوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان و گشت دامەزراوە فەرمییەکانی تری هەرێمی کوردستان. بە هەمان شێوە، هێزەکانی پێشمەرگە وەک پاسەوانی سنووری هەرێم دەناسێنێت.
  • کابینەی هەشتەمی حکومەت، کە حکومەتی هاوپەیمانییە چەندین پارتی سیاسی لەخۆ دەگرێت کە ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنایەتیی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانە و نەتەوەکانی کلدانی، ئاشووری، سریانی، تورکمان، یەزیدی، عەرەب و کورد تێیدا بە تەبایی پێکەوە دەژین.
  • زیاتر لە سەدا شەست و پێنجی لادێیەکانی کوردستان دووبارە بووژاونەتەوە دوای وێرانکردنیان لەسەر دەستی ڕژێمی سەدام حوسین، لە ماوەی کەمپینی ئەنفال کە لە ساڵانی هەشتاکان دژ بە گەلی کورد ئەنجام درا.
  • زمانی کوردی بنچینەکەی بریتییە لە زمانی هیندۆئەوروپییەکان و لە خێزانی زمانە ئێرانییەکانە، وەک فارسی و پەشتوو، جیاوازە لە عەرەبی. سۆرانی و کرمانجی دوو زاراوەی سەرەکیی زمانی کوردین.
  • یازدە زانکۆی گشتی لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە لەگەڵ چەندین زانکۆی ئەهلیی مۆڵەت پێدراو. هەندێک لەو زانکۆیانە، ئینگلیزی وەک زمانی سەرەکیی فێرکردن و تاقیکردنەوە بەکار دەهێنن، بەرچاوترینیان “زانکۆی کوردستان هەولێر” و “زانکۆی  ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی”یە.
  • هەرێمی کوردستان دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەیە، ئەوانەش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانین، کە گەشتی ڕاستەوخۆیان بۆ ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدا ئەنجام دەدرێت. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دهۆکیش ئێستا لەژێر دروستکردندایە.