barzani5

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی فەرمی لە ساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکارییە  و بە دەنگی زۆرینەی هاووڵاتییان هەر چوارساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێت.

ڕێزدار مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێم، وەک یەکەمین سەرۆکی هەرێم لە ڕێکەوتی ٣١ کانوونی دووەم/ینایرى ٢٠٠٥ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەڵبژێردرا.  بەڕێزیان لە ساڵی ٢٠٠٩ بە بەدەستهێنانی ڕێژەی ٧٠ لە سەدی دەنگی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دووبارە هەڵبژێردرایەوە. بەڕێز کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمە و دکتۆر فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمە. خولی ئێستای سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠١٣ بە بڕیاری پەرلەمان درێژ کرایەوە.

سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات لە ئاستی ناوخۆ و جیهاندا.  پەیوەندییەکان وهەماهەنگیی نێوان هەرێم و دەسەڵاتەکانی فیدڕالى عێراقی لەژێر سەرپەرشتیی بەڕێزیان بەڕێوە دەچێت. هەروەها، نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات لە ئەنجوومەنی سیاسیى ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق و لە ڕاوێژکردن و دانووستانکردن لەگەڵ حکومەتی عیراق .

سەرۆکی هەرێم بەرپرسە لە پەسەندکردنی دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوەی تایبەت که پێشنیاز دەکرێت لەلایەن سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەسەندکردنی هەموو ئەو یاسایانەی کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەردەچن. سەرۆک دەسەڵاتی گەڕاندنەوەی هەموو یاسایەکی هەیە بۆ پەرلەمان، بۆ یەک جار، بە مەبەستی گفتوگۆی زیاتر و هەموارکردنەوە. سەرۆك بارزانی لە ٢٠١٧/١١/١ بە فەرمی دەستی لە کارکێشایەوە وەك سەرۆکی هەرێم.