خوشك و برایانی بەڕێز

   حکومەتی هەرێمی کوردستان پایزی ساڵی ٢٠١٧ بڕیاریدا پرۆسەی ناونوسکردن لە چوارچێوەی پرۆسەی بایۆمێتریدا دەستپێبکات بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و موچەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە کە تۆمارکردنە کۆتایی هاتوە. قۆناغی دوەمی پرۆسەکە بریتیە لە جێبەجێکردنی پرۆسەکە بە وەرگرتنی پشکنینی چاو و پەنجەمۆر، بۆ ئەم کارەش پێویستە خەڵکانی تایبەتمەند بە ئامڕازی پێویستەوە ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکرێت لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ئایندەدا.

   پرۆسەی تۆمارکردن لە قۆناغی یەکەمدا تەنها بۆ تۆمارکردنی موچەخۆرانە نەک بۆ کاری بایۆمەتری. ئامانج لە پڕکردنەوەی فۆرمەکە، کۆکردنەوەی زانیارییەکانە سەبارەت بە موچەخۆرانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بە پڕکردنەوەی فۆرمی بایۆمەتری. لە هەنگاوی یەکەمدا فۆرمە پڕکراوەکان دەنێردرێت بۆ لیژنەی باڵای تۆماری موچەخۆران لە هەرێمی کوردستان  تا موچەکانیان نەبڕدرێت. لە هەنگاوی دوەمدا کە هاتنی تیمی تایبەتە بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆر پشکنینی چاو وە کارکردنە بە پرۆسەی بایۆمەتری. بۆیە زۆر گرنگە کە فۆرمەکە پڕبکرێتەوە و لە ڕێگەی سکانکردنەوە بە ئیمەیل ڕەوانە بکرێت بۆ  نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید. پاشان ناردنەوەی فۆرمە پڕکراوەکانە بۆ دەزگای پەیوەندیدار بە پرۆسەی بایۆمەتری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکاری قوناغی دوەم.

تکایە….ڕەچاوکردنی ڕێنماییەکان بۆ ئەو کەسانەی پرۆسەی بایۆمەتری دەیانگرێتەوە:

١- پرۆسەکە هەمو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە موچەخۆرن لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و لە ئێستادا ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێم بە هەر هۆکارێك بێت کە لە فۆرمەکەدا دەنوسرێت

٢- پرۆسەکە ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە

         خانە نشینانی (شارستانی ، سەربازی و پێشمەرگە)

        کەسوکاری شەهیدان ، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی

        کەمئەندامانی سەنگەر

        سودمەندان لە پرۆگرامی تواناسازی و نێردراوان و هاوەڵەکانیان

        ئەوانەی مۆڵەتی خوێندنیان وەرگرتوە و بەردەوام موچە وەردەگرن

٣- ئەو موچەخۆرانەی شێوازی کارکردنی (هەمیشەیی ، گرێبەست یا کاتی) یان بەخشێن (مینحە) هەیە

٤- ئەو موچەخۆرانەی ئەم فۆرمە پڕناکەنەوە لەم یەکەم هەنگاوەدا، ئەوا لە هەنگاوی ئایندەدا لە پرۆسەی کاری بایۆمێتری بێبەش دەبن و بە فەرمی ناونوس ناکرێن لە سیستمی موچەدا

٥- بریکار (وەکیل) لە سیستێمی بایۆمێتریدا رۆلیان نیە و ناتوانرێت تۆماربکرێت

تکایە…. هەر بەڕێزێك موچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە دەرەوەی هەرێم نیشتەجێیە و ئەم پرۆسەیە دەیگرێتەوە

١- فۆرمی زانیاری موچەخۆرانی نیشتەجێێ دەرەوەی هەرێم پڕبکەنەوە بە تەواوەتی، بە داگرتنی (فۆرمی ناونوسکردن)

٢- بۆ زانیاری زیاتر و چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆرمەکە (چۆنیەتی پرکردنەوە و زانیاری لەسەر فۆرم) دابگرە

٣- تکایە پاش دڵنیابون لە پڕکردنەوەی تەواوی فۆرمەکە، لە ڕێگەی سکانکردنەوە لەگەڵ بەڵگەنامەی فەرمی رەوانەی بکەرەوە بۆ مەیلی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید

(service@krgsweden.org)